دەبێ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی لە قاو بدرێن

دەبێ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی لە قاو بدرێن

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان

چەند ساڵێکە، دەستەڵاتدارانی بەغداد لە ڕێی دادگەی فیدراڵییەوە دەیانەوێ هەژموونی خۆیان بەسەر هەرێمی کوردستان بسەپێنن، دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە ١٥-٢-٢٠٢٢ بڕیاریدا كە هەناردەکردنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نادەستوورییە و گرێبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان نایاسایین؛ هەر لەو ڕۆژەدا بڕیاری نادەستووری بوونی یاسای ژمارە (٢٢)ی نەوت و غازی هەرێمی دەرکرد، بەڵام چاوی لە قەیرانی دارایی هەرێم و بێمووچەیی فەرمانبەرانی هەرێم داخست؛ لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی ٢١-٢-٢٠٢٤ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئەستۆ بگرێت و هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنە دابەش بکرێت، هەروەها ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستانی بۆ سەت کورسی کەم بکرێتەوە. ئەمانە و چەندین بڕیاری دیکەی دادگەی فیدراڵی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی لە نێو دانیشتوانی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دروست کردووە، چونکە دادگەی باڵای فیدراڵی لە ٣٠-٧-٢٠١٩ بڕیاریدا کە ماددەی ١٤٠ دەستووریە، بەڵام حکومەتی بەغدادی ناچار نەکرد کە ئەو ماددەیە جیبەجێ بکات و هەتا ئێستاش جێبەجێ نەکراوە؛ مادام بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی جێی تانە لێدان نین، لایەنی کەم دەبوایە حکومەتی بەغدادی ناچار بکردبایە کە قەرەبووی زیانلێکەوتوان بکاتەوە و زەویە داگیرکراوەکان بۆ خاوەنی ڕاستەقینەیان بگێڕدرێنەوە و عەرەبە هاوردەکان بۆ زێدی پێشوویان بنێردرێنەوە.ئێمە لە حزبی ڕزگاریی کورستان، پێمانوایە کاری دادگەی باڵای فیدراڵی ئەوەیە بەیەکچاو لە هەموو کێشەکان بڕوانێت و بە دوای بڕیارەکانی خۆیدا بچێت، بەڵام ئەو بڕیارانەی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانن بە مردوویی لە دایک دەبن، کەچی ئەوانەی دیکە کە نیگەرانیان لێ کەوتۆتەوە، بە زۆرەکی دەسەپێنرێن، بەو هۆیەوە بڕیارەکان ڕەوایەتی خۆیان لەدەست دەدەن، ئێمە خوازیارین کە کوردستانیان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست گوشار لەسەر دادگەی فیدراڵی بکەن، لەم پێوەندەدا گەرەکە لایەنە سیاسییەکانی كوردستان لە دەورەی یەکگورتاری کوردستانی کۆببنەوە و هەموان لە خەمی کێشەی خەڵک و بەرەو پێشەوە بردنی نیشتماندابن، هەنووکە گەرەکە هەموو هەوڵ و تێکوشانمان بۆ باشترکردنی بژێوی گەل و گوزەرانی خەلکی ستەمدیدەی کوردستان بێت و تێکڕا لە خەمی تێپەڕكردنی قەیران و تەنگژەکاندابین، چونکە ئاڵنگاری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی کە ئێستا بە زەقی دەرکەوتوون، ئەرکەی نەتەوەیی و نیشتمانی هەموو هێز و لایەنەکانی کوردستانە

 

مەکتەبی سیاسی

حزبی ڕزگاریی کوردستان

٢٦-٣-٢٠٢٤