دیسانەوە سەگی بەڕەڵڵا وەک بابەتی ڕۆژ خۆی دەنوێنێت

پەیانێری ڕزگاری پرێس دەڵێت: لە سنوورى قەزاى ئامێدىدا، سەگى بەڕەڵا پەلامارى چوار کەس دەدەن و برینداریان دەکەن
، درەنگانی شەوی سێشەممە، ڕێکەوتی ١١-٦-٢٠٢٤ لە ناو بازاڕی ناحیەی دێرەلووک، سەگی بەڕەڵڵا پەلاماری خەڵک دەدەن و برینداریان دەکەن و دەمووچاوى دوو لە بریندارەکان دەشێوێنن، بەو هۆیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن
بە گوێڕەی زانیاریەکان ئەو بریندارانە پێویستیان بە نەشتەرگەری جوانکاری هەیە، لەوانەیە ئەمەش پێویستی بە کات و تێچوو ببێت
جێی ئاماژە پێکردنە کە دوێنێ پاش نیوەڕۆ، ڕێکەوتی ١١-٦-٢٠٢٤  دوو کەسی دیکە لە ئامێدی لە لایەن سەگی بەڕەڵڵاوە پەلاماردرابوون و بریندار کرابوون، بەو هۆیەوە لە ڕؤژێکدا چوار کەس وەبەر پەلاماری سەگی بەڕەڵڵا دەکەون و بریندار دەکرێن
مەسعود بۆتی، یاریدەدەری تەندروستیی ئامێدی گوتوویەتی:  لە دوێنێ ئێوارەوە چوار کەس بەهۆى سەگى بەرەڵاوە بریندار کراون، هەر چەندە ڕەوشی تەندروستیان جێگیرە بەڵام دوانیان پێویستیان بە نەشتەرگەری جوانکاری دەبێت
ڕاستییەکەی دیاردەی سەگی بەڕەڵڵا لە هەموو وڵاتانی ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست بەرچاوە، ئەمەش بە هۆی پێشكەوتنی تەکنەلۆژیا و وازهێنانی خەڵک لە ئاژەڵداری، هەروەها بەهۆی کۆچی خەڵک لە گوندەوە بۆ شارەکان قووڵتر بۆتەوە، چونکە ئەوانەی پێویستیان بە سەگ نامێنێ، یەکسەر بەڕەڵلایان دەکەن و ئەوانیش ناتوانن خواردن پەیدا بکەن، بۆیە بەنێو شارەکاندا وەردەبن و زیان بە خەڵک دەگەیەنن. ئەمە ئەرکی لایەنی پەیوەنددارە کە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات