دۆزی کورد لە کونەڕەشی شەڕی دیتراندا وندا دەکرێ

لەوەتەی کوردستان داگیر و دابەشکراوە، نەتەوەی کورد بۆ بەدەستهێنانەوەی ئازادی و سەربەخۆیی و بۆ ڕزگارکردنی نیشتمانەکەی لە خەباتێکی بەردەوام و نەپساوەدایە، بەتایبەتیش لە سەت ساڵی ڕابردوو، بە ئاگر و ئاسن وەڵامی داخوازیەکانی گەلی کوردستان دراوەتەوە، بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، گەنج و لاوانی کورد بە کۆمەڵ تیرباران کراون، گوند و ئاواییەکانی کوردستان خاپوورکراون، کیمیاوی و ژەهر بەسەر خەڵکی کوردستاندا ڕژێنراوە، شاڵاوی ئەنفال دووبارە کراوەتەوە، تەنیا ڕژێمی بەعس لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا زیاتر لە سەت و هەشتا و دوو هەزار کوردی لاشەڕی لە ژن و منداڵ ڕاپێچی بیابانەکان کرد و زیندەبەگۆڕی کردن، بەڵام دونیای بەرژەوەندخواز گوێی خۆی لێ کەڕ کرد و چاوی لێ نووقاند و ورتەی لێوە نەهات. خۆ لەوەتەی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا هەڵگیرساوە، ئیدی ئەو نووزەیەی لە ڕاگەیاندنەکانی جیهاندا سەبارەت بە کێشەی ستەملێکراوی کورد هەبوو، بێ دەنگکرا، هەروەها لەوتەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەستی پێکردۆتەوە، دیسانەوە دونیای بەرژەەوەندخواز چاوی لەو کوشتارە داخستووە کە ئەردۆغان و سوپای تورک دژ بە خەڵکی لاشەڕی کورد ئەنجامی دەدەن. ئەگەر جاران لە ڕۆژانی بێنڤەدانی شەمۆ و یەکشەمۆیاندا، کوردانی هەندەران لە گۆڕەپانەکاندا کۆدەبوونەوە و دەنگی ناڕەزاییان بەرز دەکردەوە، بەڵام بە درێژایی دوو ساڵی ڕابردوو، بەهۆی پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا و ئێستاش بەهۆی خۆپێشاندان و ڕێپێوانەکانی پشتیوانیکردن لە فەلەستین، ئیدی شارەکانی وڵاتانی ئوڕوپا، دۆزی ستەملێکراوی کوردانیان فەرامۆش کردووە، وەک ئەوەی بڵێی تاکەکانی کورد مرۆڤ نین و لە نرخ و بەهادا لەگەڵ مرۆڤی ئۆکراینایی و فەلەستیندا هاوتا نین! مخابن دۆزی کوردستان هەر بە تەواوی لە کونەڕەشی دیتراندا گیری خواردووە و پەردەپۆشکراوە. ئەردۆغان کە بۆخۆی سەرۆکی وڵاتێکی تیرۆریست و تیرۆرپەروەرە، بە فەرمانی ئەو هەزاران کوردی لاشەڕ گیانیان لێ سەندراوەتەوە و سەتان گوند و ئاوایی خاپوورکراون، کەچی ئێستا فرمێسکی تیمساحاوی بۆ غەززە هەڵدەڕێژێ و ئامادەیی خۆی بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئیسرائیل پێشان دەدا. ئەو دەڵێ من ئامادەم لەگەڵ دوو هەزار پارێزەر لە دادگەی نێودەوڵەتی سکاڵا لەسەر دەوڵەتی ئیسرائیل تۆمار بکەین، بەڵام هەر ئەو کەسە، لە بیری خۆی دەباتەوە کە ئەویش دەستی بە خوێنی ژن و منداڵی کورد سوورە و درەنگ یا زوو دەبێ دادگەیی بکرێ و سزا بدرێ

دەوڵەتی ئیسرائیل لە کوشتنی خەلکی غەززە لاسایی داگیرکارانی کوردستان، بەتایبەتیش لاسایی ئەردۆغان و ڕژێمەکەی دەکاتەوە، ئەویش بە بیانۆی گەڕان بە دوای چەکدارانی حەماس، دەست لە تەڕ و وشک ناپارێزێ، پێویستە ئەو کوشیارە ڕابوەستێ و ڕیسوا بکرێ. ڕاستییەکەی ئەمە لە کاتێکدایە کە چەکدارانی حەماس لە ڕۆژی حەوتی تشرینی یەکەم، لە هێرشێکی چاوەڕواننەکراودا پەلاماری خەلکی ئیسرائیلیان دا، بە گوێڕەی هەواڵەکان زیاتر لە چوار سەت منداڵیان سەربڕی و زیاتر لە هەزار و دوو سەت مرۆڤیان کوشت و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەشیان بریندار کرد، هەروەها سەتان ژن و منداڵیان بە بارمتە گرت و ڕفاندیانن؛ بەڵام خۆ گەریلاکانی پەکەکە هیچ کاتێک سەری منداڵی تورکیان نەبڕیوە و هیچ کاتێک ژن و منداڵی تورکیان بە بارمتە نەگرتووە، کەچی جیهانی ئیسلامی و جیهانی بەناو مافی مرۆڤ خۆیان بەو کێشەی حەماس سەرقاڵ کردووە و بە ئەرکی لە پێشینەی خۆیانی دەزانن کە خەڵکی غەززە بپارێزن؛ لە بەرامبەردا هەر دەوڵەتانی جیهانی ئیسلامی و جیهانی بەناو مافی مرۆڤ و دیموکراسی، لە بەرامبەر ئەو ستەم و کوشتارەی کە ئەردۆغان و داگیرکارانی دیکە دژ بە کورد ئەنجامی دەدەن، لۆکەیان لە گوێی خۆیان ئاخنیوە و چاویلکەی ڕەشیان لە چاو کردووە. دەبێ ڕاشکاوانە بڵێین کە جیهانی بە ناو دیموکراسی نەک هەر تەنیا بە دوو پێوەر لەو کێشانە دەڕوانێ، بەڵکو هەموو کێشەکان لە تەراوزووی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دەپێوێ، بە لای ئەوانەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەردۆغان و داگیرکارانی دیکە، لە دۆزی کورد گرنگترە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، خوێنی زارۆک و ژنی کورد بێ بەهایە و هیچ نرخێکی نییە  و پێویست بەوە ناکات کە وەدەنگ بێن و هۆپ لە ئەردۆغانی زارۆککوژ بکەن