دلشاد کاوانی ڕۆماننووس بۆ ڕزگاری پرێس دەدوێ

دلشاد ڕەزاق ڕەسول، ناسراو بە (دڵشاد كاوانی). لە ١-٧-١٩٧٨ لە شاری قەزوینی ئێران لەدایكبووە. لە ساڵی ١٩٨٤ لە گوندی كاوانیانی شەقڵاوە چۆوەتە بەرخوێندن. ڕۆماننووس لە کۆمەڵە بواری جیاجیا وەک نووسەر و وەرگێڕ و چیرۆكنووس ڕۆماننووس و ڕۆژنامەنووس، چالاکوان له بواری ڕێكخراوەیی و مافەكانی مرۆڤ. کار دەکات. یەكەم ویستگەی نووسینی لە ساڵی ١٩٩٦ دەست پێدەکات. زیاتر لە ٢٤ چیرۆك و (١٠٠) کورتیلە چیرۆکی لە گۆڤار و ڕۆژنامەكان بڵاوكردۆتەوە، خەڵاتی یەكەم و دووەم و باشترین چیرۆكی لە فێستیڤاڵەکانی كوردستان وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٩٨. لە هەرسێ بواری بیندراو و بیسراو و نووسراو. بۆ ماوەی دەساڵ لە ژمارەیەک دەزگەی میدیایی ناوخۆیی و جیهانی کار دەکات و بابەت و وتارەکانی بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو دەبێتەوە. ڕیپۆرتاژێكی لە ژێرناوی (هەڵەبجەكانی تر) لە دادگایكردنی سەدام وەك بەڵگەیەكی نووسراو لە سەر دۆسییەى بالیسان و شێخ وەسان بەكارهێنراوە. لە ساڵى 2022 وەک یەکەم ڕۆماننووسى کورد بە ڕۆمانی “بە ڕێگاوە” بەشدارى فیستیڤاڵى ئەدەبى گەلان (کۆمبلتنستى) لە وڵاتی ئیسپانیا کردووە. نووسەر تاكوو ئێستا خاوەنی (10) خەڵات و زیاتر لە (٩) بڕوانامەی ڕێزلێنانی ئەدەبیی و ڕۆژنامەنووسییە، بە دەیان وتار و چاوپێكەوتن و نووسین لە ڕۆژنامە و گۆڤارە جیهانی و ناوخۆییەکان بڵاوکردۆتەوە. نووسینەكانی لە زمانی كوردی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی عەربی و ئینگلیزی. جگەلەوەی چیرۆکەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی و چەندین چیرۆکی لە فارسییەوە کردۆتە کوردی و لەبارەی فکر و فەلسەفە دەنووسێت. خاوەنی هەشت کتێبی چاپکراوە و نۆ کتێبیتری ئامادەیە بۆ چاپ. دواین بەرهەمی دڵشاد کاوانی ڕۆمانی فڕینی پردەکانە کە لە ساڵی ٢٠٠٢٤ کەوتە بەردیدی خوێنەران و دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەروە لێ کەوتەوە بۆ ئەم مەبەستەش ئەم دیمانەیمان لەگەڵ سازکرد


ئیسماعیل محەمەد: دڵشاد کاوانی لە چەندین بواری جیاواز دەنووسێت بەڵام بۆچی لە ڕۆماندا لەسەر ئاستی ناوەوە و دەرەوە دەبێتە جێگەی سەرنج؟ 

دڵشاد کاوانی: من کە بڕیارمدا دەست بە نووسینی یەکەم ڕۆمانم بکەم ویستم جیاواز بنووسم، واتە وەک ئەوانەی پێش خۆم نەنووسم هەر بۆیەشە بە شێوە و شێوازێکی جیاواز هاتمە نێو دونیای ڕۆمان و ناوم نا ڕۆمانی سادیستی، واتە چێژبینین لە توندوتیژی و لە خوێن. کە بە زمانێکی جیاواز و فۆڕمێکی تایبەت بە خۆم ڕۆمانی بەرێگاوەم پێی نووسی


ئیسماعیل محەمەد: ڕۆمانی بە ڕێگاوە زۆر بە خێرایی چووە ناوی چووە ناو دونیای ئەدب و وەک یەکێک لە ڕۆمانە جیاوازەکان ناسرا، کاردانەوەی ناوخۆیی و دەروەی چۆن بوو؟ گەر باسی فۆڕم و ناوەڕۆکی ڕۆمانی بە ڕێگاوە بکەین هەست بە پانتاییەکی بڵاو و چەند جەمسەری نێو ڕۆمانەکە دەکەین ئەمە چۆنە؟ 

دڵشاد کاوانی: لە هونەری ڕۆمانووسی دا دوو ڕێچکەی هەن هەمیشە ڕۆماننووسانی جیهانی و و خۆماڵی بۆ نووسنی ڕۆمانەکان پەنای بۆ دەبەن، فرە دەنگی لە گێرانەوە و تاک دەنگییە، واتا ڕۆمانووس لەپاڵ گێڕانەوەی ڕووداوی سەرەکی دەتوانێت چەندین ڕەهەندی تر بکاتە ئامانج و نەوە تەنیا گێڕانەوەی و واێناکردنی مەبەستێک بێت. هەروەک ئەلبێر کامۆ گوتەنی: ئەوەی ڕۆمان لە ژانرەکانی دیکەی ئەدەبی جیادەکاتەوە فرە ڕەهەندیی لە گێراوەنەوەی ڕووداو دا. ئەمە کەمتر لای ڕۆمانووسانی کورد پەیڕەو دەکرێت. کەچی مێژووی ڕۆماننووسانی جیهانی ئەمەی سەلماندووە، کە هەموو ئەو ڕۆمانانە سەرکەوتووترن کە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان فرەیی و هەمەچەشنی زێدەتر سەرکەتووترن لەوەی کە ڕۆماننووس یەخەی تەنیا یەک ڕووداو بگرێت و تا کۆتایی بە دوای دابچێت. لە بەر دوو هۆکار. یەکەمیان: تەنیا ڕووداوێکی دیاری کراو، خوێنەرێکی دیاری کراویش بە سەرنج دەگرێت. دووەمیان: تەنیا یەک ڕووداوی گشتگیر پەیامێکی دیاریکراویش بەدەستەوە دەدات. وەلێ لە فرە ڕەهەندی ڕووداو دا خوێنەری هەمە ڕەنگ و پەیامی فرە چەشنیش دەکاتە ئامانج


ئیسماعیل محەمەد: کەواتە دەکرێ بڵێین ڕۆمانی بەڕێگاوە، لە ڕووی بابەتییەوە تەنیا ناچێتە چۆرچێوەی یەک جۆرەوە؟ 

دڵشاد کاوانی: نەخێر ڕۆمانی بەڕێگاوە ڕۆمانێکی فەلسەفی مێژووی و دەروونیی فکری و سیاسی، کۆمەڵایەتییە و باس لە شارستانییەت و پێکدادانە مێژووییەکانی ناوچەکە و کوردستان دەکات، پشت بە نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان و دیدگای فه‌لسه‌فی و ڕوانینه‌ فكرییه‌كان بۆ ژیان ده‌كات، له‌ ئایدیاكان و تێگه‌یشتنه‌ فه‌لسه‌فییه‌كان پشت به‌ فه‌لسه‌فه‌ی فۆرمی ئه‌رستۆ و شیكارییه‌ ده‌روونییه‌كانی ئۆدیب و ئه‌لیكترا و نه‌رجسییه‌تی سیگمۆند فرۆید و نكرۆفیلیا و نكرۆفلوجیای سادیستی ئه‌ریك فرۆم به‌ستراوه‌. به‌شێكیان بوونه‌ته‌ ناوی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ناو ڕۆماكه‌ش، هه‌روه‌ها باس له‌ عیرفان و ته‌سه‌وفی ئیسلامی و كاریگه‌رییه‌كانی ده‌كات و پێكدانانی ئاینه‌كان و شارستانییه‌ته‌ زۆره‌ملێكان و تێكه‌ڵبوونی ده‌سه‌ڵات و ئاین و ململانێی نێوان ئاینه‌كان ده‌كات، له‌ ڕێی نه‌وه‌كانی میر كه‌ پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌ن، ئه‌ویش میر خۆی جووله‌كه‌ و شێمرازی مسوڵمان و قۆیتاسی كریستیان و ئه‌لیكترای زه‌رده‌شتی ده‌خاته‌ ڕوو. ڕۆمانه‌كه‌ به‌ زمانێكی ساده‌ و كوردییه‌كی پاراو نووسراوه‌، جگه‌ له‌ ناوه‌ زانستی و فكرییه‌كان كه‌ 22 په‌راوێزی بۆ كراوه‌، له‌ كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌ فه‌رهه‌نگۆگێك به‌ مه‌به‌ستی زانین و ئاسان تێگه‌یشتن له‌ وشه‌ و زاراوه‌ ئیدیۆمه‌كان و زمان و شێوه‌زاره‌كان له‌ فه‌رهه‌نگۆگه‌كه‌، 30 هه‌زار و 380 وشه‌ی تێدایه‌ و ئه‌وه‌ی به‌ گرنگ زانراوه‌ واتا و لێكدانه‌وی بۆ كراوه‌ 


ئیسماعیل محەمەد: ئەم ڕۆمانە جیا لە ڕۆمانەکانی دیکەی کوردی بەر لەوەی بڵاوبێتەوە دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی دایەوە هۆکاری چی بوو؟ 

دڵشاد کاوانی: گرنگی ڕۆمانەكە لەوەدایە یەكەم ڕۆمانی سادیستی ماسۆخزمییە كە بە ڕۆمانی توند یان خوێنی دەناسرێن، کە لە دوای ڕۆمانەكانی دۆناتا ئەڵفۆنیس فڕانسۆ دیسادی فەڕەنسی و فۆن زاخر مازۆخی نەمساووی ئەم ڕێچكەیە تازە نووسراوەتەوە، کە لە جیهانی فارسی و عەرەبیش و وەك پێویست كاری لەسە نەكراوە. هەرچەندە نەجیب مەحفوزی ئەرەب و سەلیم بەڕەكات لە هەندێك لایەنی نێو ڕۆمانەكەیان هەوڵیان داوە كەسێییەتی توندئاژۆ و خوێنرژی دەربخەن، وەلێ بەهۆی داخراوی كۆمەڵگەی ئەرەبی نە چوونەتە قووڵایی سادیزمەوە، بۆیە بە ڕۆمانی سادیستی هەژمار ناكرێن. بۆ كورد جێگەی ئەو شانازییە كە ڕۆمانەكە تاقە ڕۆمانی كوردییە بەرلەوەی تەواوی دەقی ڕۆمانەكە وەربگێردرێتە سەر زمانەكان، لەسەر ئاستی نێوەندی ئەرەبی و فارسی و ئینگلیسی لەسەری نووسراوە 


ئیسماعیل محەمەد: ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارە جیهانیانە چی بوون کە باسی ڕۆمانەکیان کردووە؟ 

دڵشاد کاوانی: لەوانە ڕۆژنامەكانی سەباح نیوسی توونسی و سەباح جەدیدی عێڕاقی بە زمانی عەرەبی و بیبیسی بە زمانی فارسی و ئێنگلیسی و ڕۆژنامەی هامشەهری فارسی و چەند پەیج و كەناڵی دیكەی عێراقی و ئێرانی باسیان كردوە


ئیسماعیل محەمەد: ڕۆمانی بە ڕێگاوە لە ڕووی ناوەڕۆکە چۆنە؟ 

دڵشاد کاوانی: ده‌توانین بڵێین ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌ یه‌كه‌م ڕۆمانی سادیستی كوردی خۆماڵی دێ كه‌ ڕاسته‌وخۆ خوێن و كوشتن به‌شێكی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌ پێك دێنێ، ده‌توانرێ به‌شی یه‌كه‌م به‌ په‌تا و نه‌خۆشی دیاری بكرێ، له‌م به‌شه‌دا كێشه‌كانی ناو ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزبوون ده‌چن. له‌ به‌شی دووه‌میشی به‌ گرێ ده‌روونییه‌كان و خوو و ئولفه‌تگرتن به‌ خوێن و تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كانی وه‌ك نكرۆفیلیا مه‌رگدۆستی، نكرۆفلوجیا، دڕه‌نده‌بوون و سادیستی عاشقبوون و خووگرتن به‌ ئازار و خوێنڕشتن. له‌ كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌دا ئاكامی پێكدادانه‌كان هه‌موویان هه‌ره‌س دێنن، په‌شیمانی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕه‌چه‌ڵكی مرۆڤبوون كۆتایی ڕووداوه‌كه‌یه‌. ڕۆمانه‌كه‌ باس له‌ چه‌ند هه‌رێمێكی جیاواز ده‌كات كه‌ پێچه‌وانه‌ی یه‌كترن و به‌ خه‌یاڵ و فانتازیا ڕازێنراونه‌ته‌وه‌، به‌شێكی زۆری ڕۆمانه‌كه‌ پێك ده‌هێنێت، جگه‌ له‌مه‌ هه‌ژاری و چه‌رمه‌سه‌ری كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ته‌واوی له‌ ناو ڕۆمانه‌كه‌ ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ 


ئیسماعیل محەمەد: زۆر ڕوون نییە تۆ خەڵکی کام بەشی کوردستانی باس لەوە دەکرێت کە تۆ وەک ڕۆماننوسێکی ئێرانی ناسراویت، کەچی دانیشتووی باشووریت ئەمە چۆنە؟  

دڵشاد کاوانی: بنەماڵەکەمان کە زیاتر لە دوو سەت ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناوچەی موکریان بوون کۆچیان کردوە و هاتوونەتە باشوور، دووبارە کۆچی پێچەوانەمان کردۆتەوە و لە شاری قەزوینی ئێران لەدایک بووم. ئێستا لە باشور دەژیم، پێشتر ڕوونکردنەوەیەکم لە میدیاکانی باشوور لەوانە ڕۆژنامەی وشە و ڕۆژنامەی زاری کرمانجی، وێبسایتی کوردستانپۆست، دەنگەکان، بڵاو کردەوە، نیگەرانی خۆم نیشان داوە کە بەشێک لە میدیا نێوخۆیی و جیهانییەکان بەهۆی پشتبەستن بە ڕاڤەیەکی فەرهەنگی فارسی (واژە یاب) پاشناوی كاوانی بە درەفشی كاویانی و ئاڵای ئەختەرییان گرێ داوە، بردویانەتەوە سەر ئەسفەهان، ئەمە هیچ پەیوەندی بە ناوی منەوە نییە، ئەوەش بۆتە هۆکار بۆ بە فارس كردنم، بۆیەشە هەندێک لە میدیاکانی بێگانە منیان بە نووسەر و ڕۆمانووسێكی كورد نەناساندوە


ئیسماعیل محەمەد: پێتوایە ئەمە بە هەڵە میدیایی کراوە؟ 

دڵشاد کاوانی: بەڕای من ئەوەندەی لە بابەتەکە تێگەیشتبێتم بە ئەنقست کراوە بەجۆرێک دەتوانێین بڵێین گەلانی دیکە وەکوو ئێمە نین، بەتەنگ ئەدەبیات و فەرهەنگی خۆیانەوەن ئەمەش کارێکی تازە نییە لە لایەن داگیرکەرانی بەشەکانی کوردستان بەرامبەر ئەدەب و کلتووری گەلەکەمان کرابێت. پێشتریش لە مێژووی کوردا نموونەی لەم جۆرە زۆرهەن لەوانە زەردەشت و کاوە و زوحاک، سەلاحەددینی ئەیبویی و عەبدولباست عەبدولسەمەد و سلیم بەرەکات، ئییبراهیم یونسی و یاشار کەمال، تاد. منیش بەر ئەم شەپۆڵەکەوتووم


ئیسماعیل محەمەد: لە هەردوو ڕمانەکەتدا پێکدادانێکی فکری قووڵ هەیە لە نیوان فەلسەفە و ئایین بۆچی؟ 

دڵشاد کاوانی: هەر لە منداڵییەوە، لەپاڵ خوێندنی ئایینی، بە هۆی بوونی کتێبخانەیەکی گەورە لە ماڵەکەمان بە کتێبە چەپەکانی ڕووسی ئاشنا بووم لەوانە ماکسیم گۆڕکێ و چیخۆڤ و پۆشکین. ئەو کات کەوتبوومە ژێر کاریگەری ڕۆمانەکانی گەورە ڕۆماننوسی کورد یەشار کەمال و سەلیم بەرەکات. بۆیە تووشی پێکدادانێکی فکری تووند بووم، لەسەر کۆی بەرهەمەکانم ڕەنگیان داوەتەوە


ئیسماعیل محەمەد: ڕۆمانی بەڕێگاوە لە زانکۆکانی کرودستان چەندین توێژینەوەی لە بارەوە کراوە و چۆتە فیستیڤاڵێکی ئەدەبی زانکۆی غرناتە ئیسپانیا ئەمە چۆن بوو؟ 

دڵشاد کاوانی: ڕۆمانی بەڕێگاوە لە زانکۆی سۆران و زانکۆی سەلاحەدیین و زانکۆی دهۆک و زانکۆی لوبنان فەرەنسی وەک دەستکەوتێکی گرنگی ڕۆمان بۆتە جێگەی سەرنجی توێژەران و پسپۆرانی ڕۆمان و ساڵانە بەردەوام چەندین توێژینەوەی لە باروە دەکرێت. لە زانکۆی غرناتەی ئسپانیا، دیارە کە ڕۆمانەکە وەک یەکەم ڕۆمانی سادیستی لە وڵاتی ئێران ڕۆمانەکە بووە جێگەی موشتوومڕ و وەکوو ژانرێکی تازەی ئەدەبی ڕۆژەهەڵاتی جێگەی خۆی کردەوە هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە فرناندو خوسێ ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئیسپانیا و مامۆستای زانکۆ، لەکاتێکدا هێشتا ڕەچەڵەکی ڕاستەقینەی ڕۆماننووس لای ئەو لە نێوان ئێران و عێراق و یەکلای نەبۆتەوە، لە سەردانێکی بۆ ئێران لەپاڵ ژمارەیەک کتێبی ئەدەبی دیکەی فارسی ئەم ڕۆمانە کوردییەی وەک یەکەم ڕۆمانی کوردی هەڵبژارد و لەپاڵ ڕۆامانەکانی دیکەی فارسی بۆ بەشداریکردن لە فیستیڤاڵەکە لە ٢٣\١ 2022 وەک یەکەم ڕۆماننووسى کورد بە ڕۆمانی بە ڕێگاوە بەشداریم فیستیڤاڵى ئەدەبى گەلان (کۆمبلتنستى) کە زانکۆی غرناتە ڕێکی خستبوو لە وڵاتی ئیسپانیا


ئیسماعیل محەمەد: ڕۆمانی بە ڕێگاوە لە کوێ چاپکراوە و چاپی چەندەمی کراوە و تەنیا لە کوردستان هەیە؟ 

دڵشاد کاوانی: ڕۆمانی بە ڕێگاوە لە چاپخانەی جەنگەڵی تاران چاپ کراوە و لە بەشێک لە شارەکانی ئێران لە کتێبخانەکانی تاران و قەزوین، بە زمانی کوردی هەیە و لە شاری ئەستەمبولی تورکیا و لە ئەوڕوپاش چاپی یەکەمی سوویدیی لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆیەکەم جار لە دەزگەی 49booksچاپکراوە وە لە سەرجەم وڵاتانی ئەسکەندەنافیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا و بەریتایاش وێنەی دەستدەکەوێت.   


ئیسماعیل محەمەد: ئایە ئەم ڕۆمانە وەرگڕێراوەتە سەر زمانەکانی دیکە؟ 

دڵشاد کاوانی: ڕۆمانی بەڕێگاوە لای وەرگێڕێکی بەتوانای ڕۆژەهەڵاتەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و بڕیارە لە نەورۆزی ئەم ساڵ دا کارەکانی بە کۆتایی بێت


ئیسماعیل محەمەد: بێینە سەر ڕۆمانی فڕینی پردەکان بینیمان ڕۆمانی فڕینی پردەکانیش لەگەڵ چاپبوونی دا بەهەمان شێوەی ڕۆمانەکەی دیکەت لەسەر ئاستی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و جیهانی گرنگی زۆری بە دوای خۆی هێنا، ئەم دەزگا جیهانیانە کامەبوون باسیان کرد؟ 

دڵشاد کاوانی: ڕۆمانی فرێنی پردەکان براوەی پیشبڕكێی ڕۆمانە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە ڤیم فاوەندەیشن

VIM ژمارەی ICBN نێودەوڵەتی وەرگرتووە. لە سەرجەم کەناڵە ناوخۆیی و ڕۆژنامە کوردییەکان باس وخواسی لەبارە کراوە و لە سەر ئاستی ناوەندی جیهانیش مشتوومڕی بەدوای خۆیداهێنا و وەک ڕۆمانێک کە پێشبینیکارە بۆ مرۆڤایەتی و یاخود ڕۆمانێک سەرجەم بنەماکانی باوی ڕۆمانی جیهانی تێکشکاند ناسرا، ئەویش یمانەیت خواروەبووەن وەک ڕۆژنامە وماڵپەڕە ئەدەبییە عەرەبییەکان. التاخي. زمانحاڵی پارتی لە بەغدا و روناهى. ڕۆژئاوان سوریا. طيوب وڵاتی ليبيا. رأي اليوم وڵاتی فلسطينى. ارواية. وڵاتی الجزائيرية. منبر الثقافة والفكر وڵاتی شاريقة. عالم الثقافة. قاهرة.ی مصری. لندنى العربي. النبض. منبر العرب وڵاتی مغريب. ئینگلیزییەکانیش لەندەنی ئینگلیزی. ماڵپەڕی بەناوبانگی SCRIBD. . FOTO BOOK. فۆتۆبووک. FROMS. فرۆمس. هەروەها خاتوو جانین گرەی کان سەرنووسەری ڕۆژنامەیەکی ناوخۆیی ئەڵمانی. JANIN GREY CAN. نامەیەکی بۆ نووسیووم لەگەڵ کتێبێک بە دیاری بۆی ناردم، تێدا نووسیبووی "باڵمان پێ ببەخشە با لە پشتی مزگەوتەکانەوە شاخەژکان ببینین"


ئیسماعیل محەمەد: ناوی ڕۆمانی فڕینی پردەکان بۆچی ئەم ناوت هەڵبژاردووە؟ 

دڵشاد کاوانی: ناوی ڕۆمانەکە فڕینی پردەکان، پردەکان لە ناوی شارێکی وەهمی ناو ڕۆمانەکە وەرگیراوە کە ئەم شارە هەزاران پردی تێدایە، بۆ هەر پردێکیان ناوێکیان هەیە، لای خەڵکەکە هەرپردە و بۆ مەبەستێکی دیاری کراو بە کاردێت. دوای دروستبوونی ئاشوب و پەشێوی لە شارەکەدا، خەڵکەکە پردەکان دەروخێنن. فڕینی پردەکان بەدیاری کراوی وێنای دوو برای جمکە دەکات، کە لای سیلۆنی پیری مامیان وەک پردێک بۆ گەیشتنە دەسەڵات بەکاردێن هەریەکەیان دەکات بە ڕابەرێکی گەورەی ئایینی، دواتر گەمەکە بەسەر خۆیدا پێچەوانە دەبێتەوە و لەدەستی دەرچن. بە کورتی فڕینی پردەکان تەعبیر لە نەمانی لێبوردن و بەخشندەیی مرۆڤایەتی دەکات


ئیسماعیل محەمەد: لەم ڕۆمانە باسی چی دەکەیت؟  

دڵشاد کاوانی: ئەم ڕۆمانە بە شێوە و تەکنیکی جیاواز و تایبەت بە ڕۆماننووس نووسراوەتەوە، ڕۆمانی فڕینی پردەکان، ڕۆمانێکی فرە ڕەهەندی سادیستی، مێژویی سیاسییە، و دەروونی و فەلسەفیی عرفانییە، کە تێیدا کوشتن و دەسەڵات و ململانێی مانەوە، پێکهاتەی سەرەکی ڕۆمانەکەیە. هەروەها باس لە دروستبوونی میتۆلۆژیا و ئایینێک دەکات، کە دوای کۆتای هاتنی ئاییەنەکان بەناوی ئەهلی حەق و کتێبی قینات کە لە سێ لەوحەکانی سوور و ڕەش و شین، پێکهاتووە و هێمان بۆ فەلسەفە و سیستەم و دەسەڵات


ئیسماعیل محەمەد: گرنگی ئەم ڕۆمانەت چییە؟ 

دڵشاد کاوانی: لە ڕۆمانی فڕێنی پردەکان تەکنیک و گێڕانەوە گرنگی زۆری پێدراوە، وەسف و شوێن، پانتایەکی زۆری لە ڕۆمانەکە بۆ تەرخان کراوە. هەروەها زمان باڵایە و بایەخ بە شێوەزار و بنزار و وشە کۆنەکانی کوردی دراوە. کات و زەمەن لە ڕۆمانەکە دیارنییە، فڕینی پردەکان گەڕانەوەیە بۆ سەلەف و پێشینە و تێکەڵ بە جیهانی هاوچەرخ کراوە. 


ئیسماعیل محەمەد: جیاوازی تەکنیکی ئەم ڕۆمانە چییە؟ 

دڵشاد کاوانی: سەرەتای ڕۆمانەکە لە کۆتاییەکەیەوە دەست پێ دەکات، ی. ه ا. ستونییە، ڕۆمانەکە لە ٥ بەشی سەرەکی ٨١ بەشی بچووک پێکهاتووە. بەشە لاوەکیان لە بەشی بچووک و یەک پەڕەگراف و لە بەشی درێژ پێکهاتووە. هیچ بەشێکی پێش، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بەشی دوای خۆیەوە نییە، بەڵکوو لەگەڵ بەشەکانی دیەکەدا هاوبەشە. ئەمەش وەک تەکنیکێکی جیاواز کاری لەسەر کراوە. 


ئیسماعیل محەمەد: ئەی ڕووداوی ناو ڕۆمانەکەت چییە؟ 

دڵشاد کاوانی: ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە سەربەخۆن و چەندین ڕووداوی لاوەکی لە جوخزی ڕووداویکی نادیار ڕۆمانەکە ڕوودەدەن، کە باس لە ماڵباتێکی پادشایەتیی دەکات دوای خەونبینی پادشا و سەرهەڵگرتنی و جێهێشتنی مەملەکەتەکەی تەختی شانشینەکەی ڕادەستی کوڕی بچووکەکەی دەکات و بەمەش ناکۆکی و دەکەوێتە نێوان دوو شازادەکان، بۆ گرتنە دەستی جلەوی دەسەڵات دەکەونە ململانێ و بەم هۆیەوە تەختی دەسەڵاتی پادشایەتی دەکەوێتە لەرزە و شۆڕشگێڕە کۆماریستەکان کودەتا بەسەر پادشایەتی دەکەن، وڵات بەرەو بێ ئایینی دەبەن. بۆ ئەم مەبەستە یەکێک لە شازادەکان. بەمەبەستی گێڕانەوەی دەسەڵاتی پادشایەتی ئایینێکی سیاسی ڕادەگەیێنێت، دوو لە منداڵانی ماڵباتەکەی منداڵێکی غوڵامکارەی دەرباری پادشایەتی دەخەتە نێو گەمەیەکی ئایینی و سیاسییەوە


ئیسماعیل محمەد: دەکرێت هەندێک باسی پاڵەوانەکانی ناو ڕۆمانەکەت بکەیت؟  

دڵشاد کاوانی: پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە باهادوور و سوبحلئەزەل، دوو برای جمکەی ناکامن، یەکیان سەری لە جەستەی بچووکترە و ئەوەی دیکەیان سەری لەجەستەی گەورەترە، لەگەڵ ئاپۆپی هاوڕێیان. دواتر هەرسێکیان دەبن بە سێ سەرکردە و و ڕابەری مەزن و دەکەونە ململانێ. ئاماژەیە بۆ سێ کەسایەتی مێژووی ئایینی حەزرەتی موحمەد و عیسا و موسا. بەهااللە و سوبحلئەزەل. هەروەها سێ سەرکردەی کوردن، ئاماژەیە بۆ ڕۆح، ماتریال، سیستەم. لە هەر بەشێکی ناو ڕۆمانەکان ڕووداوکان جیان و گۆشەنیگاکانی جودان، وەک ئەنفال و هەژاری دەردەسەری و چاکە و خراپەکاری، بە ئامانج گرتووە. گێڕەوەی سەرەکی ڕۆماننووسێکە لەناو ڕۆمانەکەدا کە پیشەی ڕۆژانەی پاقڵە فرۆشییە، تا کۆتایی ڕۆمانەکە دەرناکەوێت. بۆ هەربەشە و زمان و گێڕەوە و بۆ گێڕەوە دەگۆڕێت


ئیسماعیل محەمەد: ڕووداوەکانی ناو ڕمانەکە لە کوێ ڕوودەدەن؟ 

دڵشاد کاوانی: ڕووداوەکان لە چەند شارێکی جیاواز ڕوودەدەن، وەک شاری عەکا و شاری خوزستان، بیابانی نەقەب، لۆقەنتەخانە، شیلەی هەنگ، پردەکان، دەریا خەمگیر، شاری شادی و پێکەنین، شاری قەزوان.کارخانەی لە کارکەوتوو، حەقخانە و خانەی کەوشەن. واتە شوێنەکان لە باشوری خۆر ئاوای ئێرانەوە لە شاری جەهرومی ئێرانی عەرەب نشینەوە سەرهەڵدەدەن و ڕوو لە کوردستانەوەن بۆ وڵاتی ئیسرائیل دەچن 


ئیسماعیل محەمەد: بیرۆکەی ڕۆمانەکەت لەچی سەرچاوەی گرتووە؟  

دڵشاد کاوانی: بۆ بیرۆکەی ڕۆمانەکەی سوودی لە فەلسەفەکانی ستۆکی و ئەڕستۆ و بوونگەرایی هایدگەر و ژان پۆڵ سارتەر و هیرسیل و داروین و فرۆید یۆنگ و ئەریک فرۆم و فریدیش نیچە و کتێبی مەکنونە و مێژووی ئایینی بەهایی و بزووتنەوەی حەقە و یارسان و سابیئە و مەندائی و تەقیەی عیرفانی ئیسلامییەوە وەرگرتووە


ئیسماعیل محەمەد: ئەم ڕۆمانە و ڕۆمانێکەی تریش بە پێشبینیکار ناسراوون، پێشبییەنییەکانی چیین؟ 

دڵشاد کاوانی: بەڵێ هەردوو ڕۆمانم پڕن لە پێشبینی بۆ مرۆڤایەتی، هەندێ ڕووداو باس دەکەم کە لە ئایندە ڕوودەدات، یاخود بەشێکیان کە باسم کردووە ڕوویاندا، چونکە من بە زمانی ئەدەب پێشهاتەکانم نووسیوەتەوە، دەبێت توێژەران و لێکۆڵەران کاری لەسەر بکەن. بۆ نموونە سەرەور حمدامین حاجی، لە وتارێکیدا لە ژێر ناوی ڕۆمانى بەڕێگاوە وەک ڕۆمانى پێشبیناکار لە ڕۆژنامەی هەولێر ڕۆژنامەی هەولێر. ژمارە (٤٠٠٦) بەرواری ٣٠/١/٢٠٢٤ باسی چوار پێشبینی ڕۆمانی بەڕێگاوە کردوە کە هاتنە دی، وەک کۆچی بە کۆمەڵی گەنجانی کورد بۆ بلاڕووسیا، شەڕی ئامۆزاکان لە کوردستان لەسەر دەسەڵات و شەڕی تونێڵەکانی فەڵەستین و ئیسرائیل، بەکارهێنانی کۆڤید ١٩ و فایرۆسەکان لەلایەن وڵاتە زلهێزەکان بۆ گۆڕانکرای ئابووری و سیاسیی و گۆڕانی پێکهاتەی سیاسی لە ڕۆژهاڵاتی ناوەڕاست و چەندین پێشهاتی دیکە دەکرێت لەئایندە ئاشکرا بکرێن، هەروەها   لەم ڕۆمانەش ژمارەیەک پێشبینی بۆ ئایندەی مرۆڤایەتی تێدایە، هەندێکیان دوورن و هەندێکیان نزیەک، وەک یەکبوونی زمان و یەکبوونی گەلان و شکاندنی سنوورەکان و لەناوچوونی وەهمی نەتەوەیی. گۆڕینی دیمۆگرۆفیای شوناسی ئایینی و باوەڕی مرۆڤایەتی، ژیانکردنی مرۆڤەکان لەسەر پردەکان و شڵەقانی زەوی و و ڕۆچوونی خاک، ژاراویی بوونی بەشێک لە دەریاکان و نەمانی خۆراکی وشکانی و پشتبەستن بە بەرهەمی دەریا. تێکچوون و تێکەڵبوونی ڕەگەزیی و نەژادیی. باس لە کۆمەڵێک ڕووداو دەکات کە لە نیوان ئێران و عێراق و فەڵەستین و ئیسرائیل لە ئایندە ڕوودەدەن. بۆ نموونە شەڕ و ئاشووب و فراوانبوونی هەرێمایەتی. 


ئیسماعیل محەمەد: زۆر بە وردی کارت لەسەر کارەکتەرسازیی ڕۆمانەکە کڕدووە دەتوانیت شی بکەیتەوە؟ 

دڵشاد کاوانی: ناوی هەریەک لە کارەکتەرەکان چەنیدن ڕوو و ئاماژە و هەڵگری تەعبیری جودان، ئەم ڕۆمانە لەهەر بەشێکدا یەکێك لە کارەکتەرەکان دەبنە پاڵەوانی ڕۆمانەکە. سێ پاڵەوانی سەرەکی هەنەن و هەریەکەیان ئاماژەن بۆ سێ کەسیەتی جیاواز لە تەوسیفی واقعی مێژوویی و واقعی ڕۆڵ گێراندا ئەرکی تەوسیف کراوە.  


ئیسماعیل محەمەد: کارەکەتەرەکانت چۆن تەوسیفت کردووە؟  

دڵشاد کاوانی: توسیفی کارکەترەکانی ڕۆمانی فڕینی پردەکان بەم جۆرەیە:. بەهادوور: تەوسیفی واقعی مێژوویی، پادشا سەعیدخانی بەهادووری مەغۆلییە کاتێ هێرشی کردە سەر خاتوونییەکان و لەناوی بردن. نیوەی ناوی بەهاڵلەی بێغەمبەری بەهاییەکانە. سبح ئەزەل: تەوسیفی واقعی مێژوویی، برای پیغەمبەری ئایینی بەهاییە. بەیانی لەدایکبوون. هەمیشەیی و نەبراویە. ئاپۆپ: تەوسیفی واقعی مێژوویی، ئاپۆ سەرکردەی کوردی باکوورە. پۆپی ئینگلیزیی ناوبانگە و ناسرواوەتییە. میزوزکی پۆپە کە دوای ڕۆماسنی و دادایزمی دێت. ئاپۆ ئاماژایە بۆ سەرکردەیەکی دەیکەی کورد بەناوی مام. سیلۆن: تەوسیفی واقعی مێژوویی، ناوی خێزانی یەکەمی مرۆڤایەتییە لە هۆزە سەرەتاییەکانی تەوتەومدا. سیلۆن شارێکە لە ویکسونسنی ئەمریکا. ناوی جۆری ماسییە، سەلەموون. پەیوستە بە دەریا خەمگیر. سیلۆن لە زمانی عەرەبی واتە لەوناوهو لە قورئانی پیرۆز لە پاڵ پێغەمبەرایەتی هاتووە. سیلۆ سایلۆ. عەمبارکردنی گەم و دانەوێڵە. دادگایی سەدامە. کۆمەڵکوژی دەرسیمە. ناوی سیراجدینە. فرۆیدە. نەدیمی نەدیو: تەوسیفی واقعی مێژوویی، ابن ندیم معتزلی ٩٣٨. ک فهرست. هاودەم، هاوڕاز. هاونشین. زیمنهۆڤ: تەوسیفی واقعی مێژوویی، پیاوێکی پۆڵەندییە و خاوەنی زمانی سپڕانتۆیتە. زەینەفۆنی قارۆک: زەینەفەۆن، فەیلەسووفی ڕۆژهەڵاتناسە و قارۆک اسماعیلی قارۆکە، خایانەتی لە خەباتی کوردەیاتی باکوور کرد. قاروک پارکێکە لە تارانی ئێران. گوڵشەنی بەستامی: تەوسیفی واقعی مێژوویی، گوڵشەن، خەندەی سەر لێوە. بەستامی عارفی گەورەی ئسلامی زینەدیینی بەستامی و مریەمی بەستامییە. دامەزرێنەری و پەیرەوکاری ئایینی بەهایی. نوور پەپوولە: دەستی ئیسکی تێدانییە. نێوچاوانی نوورە. هەم حەزرەتی موسا و هەمیش حەزرەتی محەمەدی پێغەمبەری ئیسلامە 


ئیسماعیل محەمەد: ئامانجی لە ڕۆمانەکەت چییە؟ 

دڵشاد کاوانی: ئامانجم لە نووسینەوەی ڕۆمانەکەم، نیشاندانی دەردەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، بەمەبەستی کەم کردنەوەی تاوان و نەهێشتنی خراپەکاری و ڕۆحی یەکتر قبوڵکردن و جیاوازی ئایینی و بیر و بۆچوون و برەودانە بە زاینین مەعریفە و باشتر کردنی ژیانی مرۆڤەکان


ئیسماعیل محەمەد: ئێمە هیچمان نەماوە بپرسین، ئەگەر هەر شتێک ماوە بیڵێیت؟ 

دڵشاد کاوانی: زۆر سوپاسی ماڵپەڕی ڕزگاری و ئێوە دەکەم بۆ سازدانی ئەم دیمانەیە و ماندووبوون لە گەڵم