داخۆیانێک سەبارەت بە لیست و هەڵبژاردنی پەرلەمان

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان

ئەندام و لایەنگرانی حزبی ڕزگاریی کودستان

دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ وەک ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریکرد، ئێمەش لە حزبی ڕزگاریی کوردستان، هەرچی پێویست بوو بە کوردی و عەرەبی ئامادەمان کرد و ڕۆژی ٢٩-٢-٢٠٢٤ بۆ بەشی ڕێکخراو و کۆمەڵەکانی وەزارەتی ناوەخۆی هەرێمی کوردستان ڕەوانەمان کرد، بەڵام ئەوان سەرنجیان هەبوو، داوایانکرد کە ناوی ڕزگاری تەرجەمەی عەرەبی بکرێت؛ هەرچەندە  ئێمە وشەی ڕزگاری بە بێ گۆڕانکاری بۆ هەموو زمانەکان بەکاردەهێنین، بەڵام لەسەر داوای ئەوان ناچاربووین بۆ'حزب التحریر الکوردستاني' تەرجەمەی بکەین و ڕۆژی ٢-٣-٢٠٢٤ بەو شێوەیەی داوا کرابوو، ڕەوانەمان کرد، دواتر وەزارەتی ناوەخۆ لیستی ناوی حزبە مۆڵەتپێدراوەکانی بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراقی ڕەوانەکرد و حزبی ڕزگاریی کوردستانیش مەیلی بەشداربوونی بە لیستی سەربەخۆ بە داوای فەرمی پێشكەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن کرد، دوای وردبین، گوتیان جیاوازی لە ناوەکەدا هەیە، لیستەکەی وەزارەتی ناوەخۆ بە 'حزب الکردستاني التحرري' بۆ ئێمە ڕەوانە کراوە، دەبێ بیگۆڕن، بۆیە ڕۆژی ١٠-٣-٢٠٢٤ بە نووسراوی فەرمی داوامان لە وەزارەتی ناوەخۆ کرد یان ناوەکە هەر حزبی ڕزگاریی کوردستان بێت چونکە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ هەر ڕزگاری بووە، یان بە 'حزب التحریر الکوردستاني' بۆ کۆمیسیۆن ڕەوانە بکرێت، ئەوان گوتیان لایەنی کەم هەفتەیەکی دەوێت، بۆیە ویسترا لە ڕێی کۆمیسیۆنی سەرەکی لە بەغدادەوە چارەسەر بکرێت، ڕۆژی ١٤-٣-٢٠٢٤ شاندێک سەردانی بەغدادیان کرد و چاویان بە سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کەوت و ئەویش بەڵێنی پێدان کە لە لایەن خۆیانەوە چارەی دەکەن، بەڵام ڕۆژی ١٧-٣-٢٠٢٤ کە سەردانی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆن کرایەوە، داوایان کردەوە، هەر دەبێ لە ڕێی وەزارەتی ناوەخۆوە ناوەکە چاک بکرێتەوە، سەرەنجام پێشنیاری بەستنی کۆنگرەیان کرد، بۆ ئەو مەبەستە سەردانی وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر کرا، ئەوان ئامادەیی خۆیان پێشاندا، بەڵام گوتیان لایەنی کەم دەڕۆژی دەوێت، دەبێ لە ڕێی پارێزگاوە داوا پێشكەش بکرێت و ئەوانیش ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆی دەکەن و لایەنی کەم دە ڕۆژێکی دەوێت، بەڵام چونکە پشووی جەژنی نەورۆزی بەسەردادێت، ئیدی دەکەوێت سەرەتای مانگی چوار، لە لایەکی دیکەوە کۆمیسیۆن ڕۆژی ٢٢-٣٣-٢٠٢٤ بە دواین ڕۆژ بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیداکان دیاری کردبوو، هەرچەندە دواتر شەش ڕۆژی دیکەیشی درێژ کردەوە، مخابن بە هۆی ئەو گرفتانەوە، لیستی ڕزگاری لە بەشداریکردن بێبەش کرا، کە ژمارەیەک کەسایەتی ناوداریش خۆیان کاندید کردبوو، بۆیە  لێرەد داوای بووردن لە هەموان دەکەین

مەکتەبی سیاسی

حزبی ڕزگاریی کوردستان

٢٩ی ئازاری ٢٠٢٤