دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە دووڕیانی ئەگەرەکاندایە

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەرێمی کوردستانی بە هۆکاری  دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەرەکانی کوردستان ناساندووە و گوتویەتی: هەرێم یاسایی بودجە جێبەجێ ناکات و داواکارییەکانی بەغدا پەسند ناکات، بۆیە مووچە لە کاتی خۆیی نادرێت، بەو هۆیەشەوە کێشە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست دەبێت

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٣١ی کانوونی دووەم، محەمەد خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە:  یاسای بودجە پەسەند کراوە و چارەی ئاشکرای بۆ هەموو کێشە هەڵپەسێردراو و کەڵەکەبووەکان تێدایە، بە تایبەتیش مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

محەمەد خەفاجی گوتویەتی: وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆبۆتەوە،  ئەوان رێککەوتوون ئەگەر هەولێر لیستی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم ڕادەست بکات، ئەوە مووچەکانیان بۆ رەوانە دەکرێت

رۆژنامەکە بە دووری نازانێ کە بەمەبەستی دانوستان بۆ دۆزینەوەی رێچارەیەکی هەمیشەیی بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم شاندێکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای پێیتەخت بکات، کە لایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی دارایی لەسەر زاری وەزیری دارایی هەرێم ئاشكرای کردووە کە سبەینێ ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١ی شوبات پارەکە  لە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەێمی کوردستان دەبێت، ئیدی لە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت