بە سووتماککردنی کوردستان درێژەی هەیە

لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ڕژێمی بەعس بە هەموو توانای خۆیەوە دەستی بە سووتماککردنی کوردستان کرد، بەو هۆیەوە شاخەکان ئاگردران و زیاتر لە چوار هەزار گوندی باشووری کوردستان وێران کران و هیچ وڵاتێکی ئەم جیهانە بە ئیسلامی، سۆسیالیستی، ئوڕووپایی و ئەمریکاییەوە ورتەیان نەکرد و چاویان لەو کارەساتانە نوقاند، ئیدی قڕکردنی کوردستانیانی بەدوادا هات، بەو هۆیەوە زیاتر لە سەت و هەشتا هەزار کوردی لاشەڕ ئەنفال کران، ڕاپێچی بیابان کران و زیندە بە چاڵ کران، ئێستاش دوژمنانی کورد دەستیان بە سووتاندنی بەرهەمی دەغڵ و دانی جووتیاران کردووە، هەروەها ڕێکخراوی تیرۆریستی میساقی میللی تورکیش بێباکانە سووتاندنی بازاڕ و دوکانی شارەکان کەرکووک، هەولێر و دهۆک لە ئەستۆ دەگرێت و وەکو چالاکی ئاماژەیان پێ دەکات، بەڵام کەسێک ورتەی لێوە نایەت
لە لایەکی دیکەوە سووتاندنی ئاقارەکانی ئامەد و ماردین کە ڕاستەوخۆ دەستی دەوڵەتی تورکی تێدایە، هەروەها ئاگربەردان  لە باعەدرێ کە دوێنێ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٦-٦-٢٠٢٤ ڕوویدا. واتە دوێنێ دەمژمێر ١٥ ئاگر لە پوش و پاوانی نێو گوندی مامزدینای بەربوو، دواتر تەشەنەی کرد و سنوورى هه‌ردوو گوندى بەربیری و دیرکی گرته‌وە، ئەوانەش لە دوای ئاگرەکانی دەشتی شەمامکەوە دێن. بە کورتی ئێستا سووتاندنی کوردستان بە بەرنامە و پیلان بەڕێوە دەچێت، کەچی دیسانەوە کەس خۆی بە خاوەن ناکات. دیارە بەرنامەی سووتاندن و بە سووتماککردنی کوردستان بەرنەماەیەکی هەمەلایەنەی داگیرکارانە و پێویستە کوردستان بەربینگیان لێ بگرن،دەنا بە کردەوە بەرەو بە سووتماککردن دەڕوات