بە دەستی خۆت کە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانە... ئەگەر زەهریشی تێدا بوو، گوناهی خۆتە بیزانە

دوای ئەوەی مەسعوودی پزیشکیان ناوی وەزیرەکانی خۆی ئاشکرا کرد و ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی ئێران (پەرلەمان)یش متمانەیان پێدا، ئیدی دەرکەوت کە پزیشکیان بەڵێنەکانی خۆی بەجێنەگەیاندووە و هیچ کوردێکی هەڵنەبژاردووە، هەندێک کورد لێرە و لەوێ بێزارن و گلەیی لە مەسعوودی پزیشکیان دەکەن، بەڵام ڕاستییەکەی دەبێت ئەو کەسانە ڕەخنە لە خۆیان بگرن و چیتر بە بەڵێنی دیتران فریو نەخۆن و خۆیان هەڵنەخەڵەتێنن
مخابن زۆرینەی کوردانی ڕۆژهەڵات بەو ڕستەی مەسعوودی پزیشكیان دەستخەرۆ بوون، کە گوتی من لە مەهابادێ بە دونیا هاتووم! تەنانەت هەندێک وە سەما کەوتن و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە پزیشكیان کوردە یان لایەنی کەم دایکی کوردە! بەڵام ئەو خۆی لە زاری خۆیەوە چەندین جار جەختیی کردۆتەوە کە دایک و باوکی، خاڵ و مامەکانی و هەموو خزمەکانی تورکن. ئێستا دەبێت ئەوانەی پشتیوانیان لە پزیشكیان دەکرد، چاوەڕێی خراپترین هەڵبژاردە بکەن، چونکە ئەگەر جاران پارێزگاری ورمێ (ئوستانداری ورمێ) کوردێک بووبێت، ئیدی لەمەودوا تورکیك وەک پارێزگاری ئەو پارێزگایە دەستنیشان دەکرێت و بەڕەکە لە ژێر پێی کورد دەدەهێنرێت
لە کێبەرکێی نێوان سەعیدی جەلیلی و مەسعوودی پزیشكیان، زۆرینەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانیان لە پزیشكیان کرد کە تورکە، بەڵام سەنگەریان لە سەعیدی جەلیلی گرت کە کوردێکی خۆراسانە و لە مەشهەد لە دایک بووە. ڕاستەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە سەعیدی جەلیلی بنئاژۆیە و ڕۆژێکیش بە زاریدا نەهاتووە کە بڵێت من کوردم یان باوکم کورد بووە. وێڕای ئەوانەشەوە کوردانی ڕۆژئاوا دەنگیان بە پزیشکیان دا، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە کردار و ڕەفتارەکانی ئەو سەرۆکە نوێیە ببینن
بە دەستی خۆت کە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانە
ئەگەر زەهریشی تێدا بوو، گوناهی خۆتە بیزانە