بێدەنگی وڵاتان لەبەرامبەر ڕەشەکوژی و قڕکردنی کوردان

مانگیەکانی ساڵ پڕا و پڕن لە یادەوەری تاڵ، چونکە دەیان و سەتان کارەسات و ڕەشەکوژی دژ بە کورد ئەنجامدراون
لە ٤ ی ئایاری ١٩٣٧ دەوڵەتی  تورک لە درێسم،  ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە گەلی کورد،  بە تایبەتی دژ بە عەلەوییەکان دەستپێکرد، بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی فەرمی ئەوێ ڕۆژێ ١٦ هەزار کەس کوژراون، بەڵام بەڵگەی حاشا هەڵنەگر هەیە کە  ٧٠ هەزار کەس لە عەلەویەکان ڕەشەکوژکران کە زۆربەیان پیر و ژن و مناڵ بوون. هەروەها لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ شاری قەڵادزێ بۆمبارانکراو سەتان کەس کوژران، هەروەها لە ١٦ ئازاری ١٩٨٨ فڕۆکەی جەنگی ڕژێمی بەعس بە گازی کیمیاوی شاری هەڵەبجەیان ژەهراوی کرد، بەو هۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار کەس کوژران و زیاتر لە دە هەزاری دیکەش بریندار بوون. لە مانگی نیسانی ١٩٨٨ ڕژێمی بەعس لە شاڵاوی ئەنفالدا زیاتر لە سەت و هەشتا و دوو هەزار کوردی لاشەڕی ڕاپێچی بیابانەکان کرد و زیندەبەچاڵی کردن، ئەمانە و دەیان تاوانی دیکە کە دژ بە نەتەوەی کورد ئەنجامدراون، بەڵام ئایا بۆچی وڵاتانی بەناو زلهێر و ئەوانەی بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن لەبەرانبەر ئەو تاوانانەدا ورتەناکەن، بەڵکو هەر بە چەکی ئەوانەوە ئەو خەڵکە لاشەڕە دەکوژرێن و گوندەکانیان وێڕان دەکرێت
وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر ئاسانە، چونکە سیاسەتی وڵاتان لەسەر بەرژەوەندی هەڵچنراوە، داگیرکارانی کوردستانیش باشترین خزمەت بەو وڵاتانە دەکەن و بەرژەوەندی ئەوان دەپارێزن، بۆیە چاو لەو تاوانانە دادەخەن، هەرکاتێک پێویستیان بە ڕژێمەکان نەما، ئەوجار باس لە تاوانەکان دەکەن، بۆ نموونە هەتا ڕژێمی بەعس بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی دەپاراست، ئەوان خۆیان نەبان کردبوو، چاویان داخستبوو، نەیاندەویست ئەو تاوانانە ببین کە دژ بە کورد ئەنجام دەدرێن، بەڵام کاتێک ئیشیان پێ نەما، هاتن و باسی ئەو تاوانانەیان کرد. بێگومان ڕۆژێک کاریان بە تورکیاش نامێنێت و باس لەو تاوانانە دەکەن کە دژ بە کورد ئەنجامیان داون