بکوژەکەی خواناس دادگەیی دەکرێت

ڕۆژی بیست و دووی  حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو لە ناوبازاڕی چەمچەماڵ، ماتۆڕسوارێک دەستڕێژی گوللەی لە خواناس وریا کردو کوشتی

کاتی خۆی سەرچاوەکانی هەواڵ هۆکاری کوشتنەکەیان بۆ بیروباوەڕی جیاواز گەڕاندەوە، چونکە خوانااس وریا بۆ سەر دینی باپیرانی خۆی گەڕابۆوە و بە ئاشکراش ئەمەی ڕاگەیاندبوو
ڕاستییەکەی هەر زوو بکوژەکە ناسێندرا و لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیر کرا، ئەمڕۆ دادگەیی بکوژەکە بەڕێوەچوو، لەو دانیشتنەدا  کەسوکاری خواناس وریا و هاوڕێکانی  ئامادەبوون، هەر لەم دانیشتنەدا وتەی گۆواکەکان وەرگیرا، بڕیاریش وایە بیست و نۆی مانگی نیسان دانیشتنێکی دیکە بەڕێوە بچێت
ڕاستییەکەی تووندڕۆیی و دەمارگیری لە هەموو زەمان و سەردەمێکدا پەشێوی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام ئێستا هەرێمی کوردستان زۆر جیاوازترە، چونکە دەستی تووندڕۆکان ئاوەڵا کراوە و لە مینبەر و شوێنە گشتییەکاندا هەست و سۆزی خەڵکی ساویلکە دەوروژێنن و بەرەو تاوان هانیان دەدەن، بۆیە دەبێ حکومەت ڕێ لەو پاشاگەردانییە بگرێ و هەموو ئەوانە دەستگیر بکات کە ئاگری دووبەرەکی خۆش دەکەن و خەڵک بۆ گیانی یەکدی هان دەدەن