بانگەوازێک لە پێوەند بە بوومەلەرزە

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
بەداخەوە دوێنێ ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ بوومەلەرزەیەکی بەهێز باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی هەژاند، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان تا ئێستا زیاتر لە شەش هەزار هاوڵاتی هەژمارکراون کە گیانیان لەدەستداوە و بیست و دوو هەزاری دیکەش بریندار بوونە، هەروەها سەدان خانوو، باڵاخانە و شوێنی گشتی وێران بوونە، ئێمە لەکاتێکدا جارێکی دیکەش پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیەکان دەکەین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، لەهەمان کاتدا بانگ لە خەڵکی دڵسۆز و وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین کە بە هەر شێوەیەک لە دەستیان دێ، کۆمەک و هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووان کۆبکەنەوە، چونکە ئەمە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی هەموانە نابێ کەمتەرخەم بین.
بوومەلەرزە وەک هەر کارەساتێکی دیکەی سروشتی بە ئاسانی پێشی پێناگیرێ، بەڵام بە هاوکاریکردنی لێقەوماوان، بەشێک لە خەم و ئازارەکانیان بەسەر خۆماندا دابەش دەکەین و ویژدانی خۆمان ئاسوودە دەکەین، هەروەها بۆ نۆژەنکردنەوەی شار و شارۆچکەکان کۆمەکێکی بەرچاو و خێرا دەبێ. لەم ڕوانگەیەوە جارێکی دیکەش بانگ لە کوردستانیانی ناوەخۆ و هەندەران دەکەین بێنە مەیدان و هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری درێژە پێبدەن.
سڵاو بۆ گیانی قوربانیان دەنێرین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
بانگ لە کوردستانیان و ڕێکخراوە خێرخوازەکان و مرۆڤدۆستان دەکەین کە بەشداری لە هەڵمەتی کۆمەک و هاوکاری بۆ زیانلێکەوتوان بکەن.
بەرەی گەل
٧ی شوباتی ٢٠٢٣