بانگەوازێک بۆ کوردستانیانی پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم


!کوردستانیانی نیشتمانپەروەر

ئەی ئەوانەی بە درێژایی چەندین دەیەی ڕابردوو ستەمتان لێکراوە، دووچاری ڕاگواستن، ئاوارەکردن و ئەنفالکردن هاتوون و ڕژێمی بەعس بێپەروا لە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای نیشتمانەکەماندا بووە، ئەوا ئەمڕۆ دەرفەتێکی زێڕین هاتۆتە پێش و دەتوانن بە دەنگی خۆتان، تۆڵە بکەنەوە و ناسنامەی کوردستانیبوونی خۆتان و زێدەکەتان سەرڕاست بکەنەوە

کوردستانیانی ستەملێکراو! خۆتان دەزانن ڕۆژی هەژدەی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە ڕێوەدەچێ، ئێمە  ڕاستوێژانە لێتان دەخوازین

 ئەوەی مافی دەنگدانی هەیە، ڕۆژی هەژدەی مانگ، بێڕاوەستان بچێتە سەر سەندوقی دەنگدان و دەنگ بدات، چونکە بەو هۆیەوە، وێڕای دەیان ساڵ ستەمکاری و بە عەرەبکردن و هەڵکەندی کورد لە زێدی خۆی، ڕێژەی کورد لە پارێزگاکاندا ئاشکرا دەبێتەوە.

  لە پێناو پاراستنی کورستانیبوونی ئەو پارێزگایانەی لە ڕابردوودا ستەمیان لێکراوە و هەوڵدراوە ناسنامەی نەتەوەییان لێ بدزرێ، خوازیارین دەنگ بەو پاڵێورانە بدەن کە باوەڕیان بە کوردستانبوونی زێدەکەتان هەیە.

 دەنگ بەو پاڵێوراوانە بدەن کە دڵسۆزی دۆزی ڕەوان و خەڵکی زێدەکەتانن و لە خەمی خزمەتکردندان، چونکە هەر بە دەنگی خۆتانەوە، دەتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆتان هەڵبژێرن و کۆتایی بەو ستەم و نابەرابەرییە بهێنن کە لە ڕابردوودا بەسەرتاندا سەپێنرابوو

 مێژوو گەواهی ئەو ڕاستییە دەدات کە بە درێژایی مێژوو ئەو پارێزگایانە نیشتمانی کورد و کلدان بوونە، لە پڕۆسەی داگیرکاریدا کەسانی دیکە هێنراون و هەوڵی سڕینەوە و لێ سەندنەوەی ناسنامەکەی کوردستانیبوونیان دراوە، بەڵام ئەگەر ئێوەی دڵسۆز مافی دەنگدان بەکاربهێنن، هەم برینەکانی ڕابردوو بەرەو ساڕێژبوونەوە دەچن، هەمیش پیلانی داگیرکاران پوچەڵ دەبێتەوە

ئێمە لە کاتێکدا داخوازی خۆمان دووپات دەکەینەوە و لێتان دەخوازین بڕۆن دەنگ بدەن، لەهەمان کاتدا پشتمان بە ویست و نیشتمانپەروەری ئێوە ئەستوورە

سەرکەوێ ویستی خەڵکی ستەملێکراو

 

حزبی ڕزگاریی کوردستان

کڵپەی نیشتمانیی کوردستان

بزووتنەوەی نوێبوونی کوردستان

١٤-١٢-٢٠٢٣