بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید لقەکانیان لە شارەکانی هەرێمدا دەکەنەوە

بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید  ڕێکارەکانیان بۆ کردنەوەی لقی بانکیان لە ھەرێمی کوردستان دەستپێکرد و بۆ دروستکردنی ھەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم. وابڕیاریشە شاندێک لەبەغداوە سەردانی هەرێم بکات. چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو شاندێکی بانکی ڕافیدەین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کردنەوەی لقی بانکەکە لە هەرێمی کوردستان سەردانی هەولێر بکەن .سەرچاوەیەک لەبانکی ڕافیدەین ڕایگەیاند: ئەوان ئاگاداری بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵین کە دەبێ لەمەودوا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێی ئەلیکترۆنی و بانکییەوە بدرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە لە چوارچێوەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ بەدەستەبەرکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا رێکاری کردنەوەی لقێکی بانکەکەیان لە شاری ھەولێر دەستپێکردووە و لەئێستاشدا سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانن بۆ کردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان. هەروەها  وتیشی: بڕیارە لەچەند ڕۆژی داھاتووشدا ھەردوو بانکی ڕافیدەین و رەشید لقی خۆیان لە سلێمانی بکەنەوە و رێکارەکانی دروستکردنی ھەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم دەستپێبکەن. بەگوێرەی زانییارییەکان، ھەردوو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید ئامادەییان نیشانداوە لەماوەیەکی کەمدا ھەژماری بانکی بۆ تەواوی مووچەخۆرانی ھەرێم دروستبکەن و لەمانگی ئاداری ئەمساڵیشەوە مووچەکانیان لەڕێی کارتی بانکیەوە پێدەدرێت