ئەنفال وەک مۆری تاوانی مێژوویی دژ بە کورد دەمێنێتەوە
کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان
بنەماڵەی ئەنفالکراوان
سی و شەش ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی بەعسی عەرەبی شاڵاوی ئەنفال و شەڕی قڕکردنی دژ بە گەلی کوردستان دەستپێکرد، لە تاوانێکی مێژوویی نەبەخشراودا زیاتر لە سەت و هەشتا و دوو هەزار کوردی لاشەڕی لە ژن و منداڵ و پیر دەستگیرکرد و دواتر زیندەبەچاڵی کردن، ئەمڕۆ لە ڕۆژی یادکردنەوەی ئەنفالکراوەکاندا جارێکی دیکەش نەفرەتی مێژوویی بۆ سەرانی ڕژێمی بەعسی عەرەبی و هاودەستانیان دەنێرین، لە هەمان کاتدا سەری رێزمان بۆ گیانی پاكی جانگۆرییان دادەنەوێنین و سڵاو بۆ کەسوكارە سەربەرزەكانیان دەنێرین
بێگومان هەموان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەنفال تاوانێكی مێژوویی نەبەخشراو و لەیادنەكراوە، هەروەها برینێكی قووڵ و ساڕێژنەکراوی جەستەی گەل و نیشتمانی کوردانە، چونکە شاڵاوی ئەنفالکردن بە مەبەستی لەناوبردن و قڕکردنی نەتەوەی کورد بەڕێوەچوو، هەرچەندە زیانێکی گەورەی لە گەلەکەمان دا، بەڵام ناکام مایەوە، چونکە نەتەوەی کورد وەکوو کێوە سەرکەشەکانی ڕاوەستا و مایەوە و شەرمەزاری مێژوویش بۆ ئەنجامدەرانی تۆمارکرا، سەرەنجام ئەنجامدەرانی بە سزای خۆیان گەیشتن و سڕانەوە، بەڵام گەلی کوردستان هەنگاوی کردەیی بەرەو گەیشتن بە لووتکەی سەرکەوتن هەڵگرتۆتەوە.
میللەتی كورد بە درێژایی هەزار و چوار سەت ساڵەی ڕابردوو، هەموو جۆرەكانی ئازار و نەهامەتیی بینیوە، بەڵام نە تواوەتەوە و خۆی ڕاگرتووە، بۆیە ناکرێت مێژووی بەرخۆدانی کورد نادیدە بگیرێت، بەڵکو دەبێت بە ئاوی زێڕ بنووسرێتەوە، ئەمەش وا دەخوازێت کە حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەنەوە و بۆ ڕێزگرتن لە گیانی ئەوانەی لە ڕێی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان تێکۆشان و سەروەرییان تۆمار کرد، بیر لە یەکبوونی و یەکڕێزی بکەنەوە و ناکۆکی و ململانێی تەسکی حزبایەتی و کەسایەتی وەلا بنێنن و بۆ خواستی ڕاستینی گەل بگەڕێنەوە. ڕاستییەکەی بۆ ئەوەی گیانی جانگۆرییان شاد و ئارام بێت، گەرەکە دەستەڵاتداران لێبڕاوانە کا بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بکەن و ئازار و نەهامەتیەکان بنبڕ بکەن
سڵاو لە گیانی پاکی ئەوانەی لە شاڵاوی ئەنفال گیران و زیندەبەچاڵ کران
سڵاو لە جانگۆریانی کورستان، ئەوانەی گیانی خۆیان لەسەر لەپی دەستیان دانا و پێشکەش بە دۆزی ڕەوای گەل و نیشتمانیان کرد
نەفرەت لە ڕژێمی بەعسی عەرەبی و هاودەستانیان
مەکتەبی سیاسی
حزبی ڕزگاریی کوردستان
١٤-٤-٢٠٢٤