ئەنجوومەنی باڵای بەرەی گەل کۆ دەبێتەوە

ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتی ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٣ ئەنجوومەنی باڵای بەرەی گەل بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی کۆبۆوە
کۆبوونەوە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێی ئازادی و ڕزگاریی نیشتمان دەستیپێکرد. دواتر بە تێروتەسەلی وتووێژ لەسەر دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان کرا، بۆ دەربازبوون لە قەیران و تەنگژەکان، جەخت لە یەکبوون و یەکخستنی هێز و توانای کوردستانیان و پاراستنی قەوارەی هەرێم کرایەوە
لە بڕگەیەکی دیکەدا، تێکۆشانی خەڵکی خۆڕاگر لە پێناو وەدەستهێنانی ژیانێکی شایستە و مسۆگەرکردنی ماف و ئازادیەکان بە گرنگ و پیرۆز نرخێنرا و جەخت لە پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کرایەوە؛ هەر لەو پێوەندەدا کۆبوونەوە خوازیارە چیتر هەڵبژاردن دوا نەکەوێ و لەوکاتەی دەستنیشانکراوە، ئەنجام بدرێ. هەروەها بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەستەڵات، کۆبوونەوە خواست و پێشنیاری خۆی لە پێکهێنانی لیستێکی گشتگیر لە پارت و ڕێکخراو و کەسانی خەمخۆر و ناڕازی دەبینێتەوە و دەخوازێ و پێشنیار دەکات تا هەموومان پێکەوە لە لیستێکی هاوبەشدا بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بکەین. هەر بۆ ئەم مەبەستە کۆبوونەوە بە پێویستی زانی ئەنجوومەنی باڵای بەرەی گەل ڕابسپێری تا لێبڕاوانە و شێلگیرانە لەگەڵ لایەن و ڕێکخراوەکانی دیکەی دەرەوەی دەستەڵات دانوستاندن بکات