ئایدز هەڕەشە لە لاوانی کوردستان دەکات

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی سلێمانی ئاشکرای کردووە کە  چەند رۆژێک لەمەوبەر لە ئاکامی پشکنینی شەش گەنجی کورد کە تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵیدایە و لە  پشکنینەکاندا دەرکەوتووە کە هەموویان  ڤایرۆسی ئایدزیان لەگەڵدایە، یەکێک لەو گەنجانەی تووشی نەخۆشیەکە بووە بە کارمەندێکی نەخۆشخانەکەی گوتووە کە هەر شەش گەنجەکە  لەگەڵ کچێکی بیانی ڕایانبواردووە، دیارە ئەو کچە هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بووە
بە گوێڕەی زانیاریەکانی ئەو گەنجە، کچە بیانیەکە لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری سلێمانی کاری کردووە، بەڵام ئێستا خۆی ون کردووە
ڕاستییەکەی هەتا ئێستا ئەم هەوالە بە تەواوی سەرڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام ژنانی هەڵگرتووی ڤایرووسی ئایدز بە ئاسانی ڕوو لە کوردستان دەکەن و شوێنی لەشفرۆشیان بۆ فەراهم دەکرێت، بەو هۆیەشەوە بە ئاسانی ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە و پیاوان دووچاری نەخۆشی دەکات، ئەگەر ئەو پیاوانە لەگەڵ ژنەکانی خۆشیان سەرجێی بکەن، ئیدی بۆ ژنەکانیش دەگوازرێتەوە
بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئایدز دەبێت هەموو ئەو ژنانەی کە بە مەبەستی کارکردن دێنە کوردستان، دەبێت پشکنینی خوێنیان بۆ بکرێت، هەروەها پێویستە پیاوانیش لەو ژنانە دوور بکەونەوە و ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دووچاری مەترسی نەکەنەوە، لە لایەکی دیکەوە زۆر گرنگە زانیاری پێویست بە لاوان بدرێت و هۆشیار بکرێنەوە