ئایا سەرکۆمار دەتوانێت دژی بڕیاری دادگەی فیدراڵی بوەستێتەوە؟

ئەمڕۆ دووشەممە ، ڕیکەوتی ٤-٣- ٢٠٢٤ نوێنەرانی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان  لە شاری هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە ، کۆبوونەوەکە لە دژی دوایین بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی عێراق بوو کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان دراوە، دواتر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەکیان بە زمانەکانی کوردی، تورکمانی، سریانی، عەرەبی و چەند زمانێکی دیکە خوێندەوە و داوایان لە سەرۆکۆماری عێراق، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی  نێودەوڵەتی کرد کە بە دەنگیانەوە بێن و پشتیوانی لە داواکەیان بکەن
ڕاستییەکەی زۆرینەی ڕێکخراو و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو پێکهاتانە دڵیان بە نەهێشتی کورسی کۆتا خۆشە،  ئەوان دەیانگوت ئەوانەی دەبرێنە پەرلەمان نوێنەری ڕاستەقینەی پێکهاتەکان نین، بەڵکو وەکو نوێنەری حزبی دەستەڵات ڕەفتاریان دەکەن، ئەمەش بە زیان بۆ بەرژەوەندی پێکهاتەکان دەگەڕێتەوە
باوەڕ ناکرێت ئەم داوایەی پێکهاتەکانی هەرێم هیچی لێ وەبەرهەم بێت، چونکە سەرکۆماریش دەستەڵاتی ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی نییە